ناوی شەقامی مەزاری پێشەوا قازی محەممەد لە ژێر گوشاری ئیتلاعاتدا گۆڕدرا

20:23 - 21 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی مەهاباد دوابەدوای گوشاری ئیتلاعات ناوی شەقامی مەزاری پێشەوا قازی محەممەدی گۆڕی.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شارەداریی مەهاباد ناوی شەقامی مەزاری پێشەوا قازی محەممەدی لە \"سەرداران\"ـەوە گۆڕی بۆ \"سەردارانی ئیسلام\".

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گۆڕینی ناوی شەقامی مەزاری پێشەوا قازی محەممەد دوابەدوای گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بۆ سەر شۆرا و شارەداریی مەهاباد پاش ٢ی ڕێبەندان ڕووی داوە.

٧١ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی١٠ی خاكەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی محەمەد، سەركۆماری كوردستان، محەممەد حوسێن سەیفی قازی وەزیری بەرگریی كوردستان و جێگری سەركۆمار و ئەبولقاسم سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی ١٤ی مەجلیسی شۆرای میللی و نوێنەری كوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، دوای دادگایییەکی فەرمایشی و داخراو بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا و ستادی ئەرتەش لە مەیدانی چوارچرا ئەو شوێنەی كە كۆماری كوردستانی تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.

لە پێش کۆماردا هێندێ جار لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئاماژە بە ناوی پێشەوا دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوا پێی ‌بەخشرا و ئەو ناوە هەتا ئێستاش لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکدا ھەر باو و ناسراوە.

بەڵام لە دوای كۆماری كوردستان، ئاڵای كۆمار و سروودی نەتەوەیی لە لایەن سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانەوە بەرز ڕادەگیرێت و بوونەتە سیمبۆلی نەتەوەیی.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چالاکانی سیاسی_فەرهەنگی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە هەوڵدان کە ڕۆژی ١٠ خاکەلێوە وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان و هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بە فەرمێ بناسرێت و لە ڕۆژمێری کوردستان ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری بکرێت.