ناونووسیی نزیک بە سێ‌هەزار و ٤٠٠ بێكار لە ئیدارەی كاری مەهاباد

16:21 - 24 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: نەبوونی هەلی كار و تێكچوونی باری گوزەرانی هاووڵاتییان وای كردووە كە سێ‌هەزار و ٤٠٠ كەس لە دانیشتوانی شاری مەهاباد بە مەبەستی دۆزینەوەی كار سەردانی ئیدارەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەو شارە بكەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەشارستانی مەهاباد ئامارە فەرمییەكان باس لە ناونووسی سێ‌هەزار و ٣٩٣ كەسی بێكار لەئیدارەی كاردا بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار، دەكەن.

لەو بارەیەوە فەرمانداری ئەو شارە وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەو ئامارە، دانی بەوەشدا ناوە، كە داخرانی بەشێكی بەرچاو لەكارگەكانی شاری مەهاباد بەهۆی نەبوونی سەرمایە و بودجە لەهۆكارەكانی پەرەسەندانی بێكاری لەو شارەدان.

نێوە چالاک بوونی كوشتارگەی مەهاباد، داخرانی گەورەترین كارگەی \"واكسینی تەبی بەرفەكی (واکسینی نەخۆشیی تەبەقی ئاژەڵ) مەهاباد\" لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، وەگەڕنەكەوتنی پیترۆشیمی مەهاباد ئەو قەیرانانەن كە بەرۆكی هێزی كاری ئەو شاری گرتۆتەوە.

جەعفەر كەتانی فەرمانداری شاری مەهاباد ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەشاری مەهاباد پیشەیەكی \"پایدار\" بوونی نییە و دەوڵەت دەبێ‌هەوڵ بدات هەلی ئەو كارانەی كە یارمەتی بە ئابووری و باری كۆمەڵایەتی ئەو شارە دەدات، بڕەخسێنێت.

لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندی كرێكاران، پێداچوونەوە بەیاسای كار و جێبەجێ‌كردنی ئەو یاسایە، چاودێری بەسەر دامەزراوە كرێكارییەكان لەو خاڵانەن كە لەهەر وڵاتێكدا یارمەتی بە كەم كردنەوەی بێكاری دەكات و دەتوانێ‌یارمەتیدەریش بێت بۆ گۆڕانی ئابووری وڵات.

لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە رێژەی بێكاری لەئێران لە ئەمساڵدا دەرخەری ئەوەیە كە لە ٢٠ پارێزگا ئاماری بێكاری چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە بەچەشنێك كە ئوستانی فارس لە سەدا ٢١، بەرزترین رێژەی بێكارانی لەئێراندا هەیە.

هەر بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانە چوار ئوستانەكەی كوردستانیش لەو بێكارییە بێبەری نەبووە و شارەزایانی هۆكاری زۆربوونی رێژەی بێكارییان لەو ئوستانانە گەڕاندۆتەوە بۆ نەبوونی پلانی وەزارەتی كار، دابەش كردنی سروت و سامانی وڵات بەشێوەی نایەكسان و نەبوونی ناوەندی پێشەسازی گەورە.