نامەیەکی سەرئاوڵای هاووڵاتییانی شاری سەقز بۆ ئیدارەی یەکەی مەسەکەنی مێهر

14:59 - 14 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە هاووڵاتییانی کڕیاری خانووی مەسکەنی مێهر لە شاری سەقز نامەیەکی سەرئاوڵایان بۆ ئیدارەی گازی شاری سەقز نارد.

لە نامە سەرئاوڵای هاووڵاتییانی شاری سەقز و کڕیارانی مەسکەنی مێهردا هاتووە، سەرەڕای تەواوبوونی پرۆژەی مەسکەنی مێهر و دانی ئەو یەکەیە بە هاوولاتییانی ئەو شارە، هێشتا هێندێک لە خانووەکانی ئەو یەکەیە گازکێشی بۆ نەکراوە.

لە درێژەی ئەو نامە سەرئاوەڵایەدا هاتووە، گوناح و تاوانی ئێمە چیە کە دەبێ تاوانی کەم و کوڕییەکانی نابەرپرسانی مەسکەنی مێهری کوهدەشت بدەین.

هەروەها لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتووە، وڵاتی ئێران خاوەنی ٣٣ تریلیۆن مێتر گازی سروشتی سێ جایە، سەرەڕای بوونی ئەو گازە زۆرە لە ئێران، هاووڵاتییان بۆ دەبێ لە خزمەتگوزاریی شیرکەتەکانی گاز بێبەش بن.

پرۆژەی مەسکەنی مێهر لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی دەستی پێکرد و بە ناونووس‌کردنی هاووڵاتییان و بەپێی گرێبەست هەر کڕیارێک دەبێ بڕی ١٨ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تەمەن و هەروەها بڕی ٣٠ میلیۆن وام بدات.

گەڵاڵەی پرۆژە مەسکەنی مێهر لە سەردەمی دەسەڵاتداری سەرکۆماری پێشووی ئێران مەحموود ئەحمەدی نژاد دەستی پێکردوە و پاش تەواو بوونی هەشت ساڵ لە سەرکۆماری ناوبراو، هەروەها هەنووکە دوای تەواوبوونی چوار ساڵ سەرکۆماری حەسەن ڕۆحانی هێشتا هاووڵاتییان لە خزمەتگوزاری و نەبوونی ئیمکانات بێبەرین.