نامەی مامۆستایەکی زیندانی کراوی کورد

19:48 - 19 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی زیندانی کراوی کورد لە زیندانی ناوەندیی زاهیدانەوە روو لە سەرجەم ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ نامەیەکی بڵاو کردەوە.

\"محەممەد ئەمین ئاگووشی\" مامۆستای کوردی خانەنشین کراو کە لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان راگیراوە لە نامەیەکدا رایگەیاندووە، کە ئەگەر بەرپرسانی ئەو زیندانە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێران گرینگی بە داخوازییەکانی نەدەن، بە ناچاری مان لە خواردن دەگرێت.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران، دەقی ئەو نامەیەی بەم شێوەیە بڵاو کردۆتەوە:

\"11027.jpg\"
من محەممەد ئەمین ئاگووشی کە لە زیندانی ناوەندیی زاهیداندا یەخسیر کراوم، هەتا ئێستا بە دەیان جار داوای \"مەرەخەسی، راگوێزران بۆ زیندانێکی دیکە\"م لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام هیچ‌کام لەو لایەنانە وەڵامی شیاویان پێ نەداومەتەوەو ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی خواستەکانم نەدرێتەوە یان نەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرڕای ئەوەیکە گورچیلەکانم تووشی ئازار هاتوون و بەدەست چەند نەخۆشییەکی دیکەوە دەناڵێنم، دەست ئەدەمە مانگرتن.
داوا لەسەرجەم ناوەند و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم کە بە هانای منەوە بێن و لەو پێاوەدا هەنگاوی کردەیی هەڵبگرن.

مامۆستای خانەنشین کراو محەممەد ئەمین ئاگووشی
زیندانی ناوەندیی زاهیدان
رێبەندانی ١٣٩١