نامەی شەریفی بۆكانی بۆ مەسعوود بارزانی

23:14 - 26 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: رەزا شەریفی بۆكانی زیندانیی سیاسیی كورد لە نێو گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەجەوە نامەیەكی پێشكەش بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


دەقی ئەو نامەیە كە لەلایەن سەرچاوەیەكی باوەڕپێکراوەوە بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
وێڕای سڵاو

من هاووڵاتییەكی كوردی ئێرانی لەنێو زیندانی ئێرانەوە دەمهەوێئەو زوڵم و زۆریانەی كە دەكرێتە سەر ئێمە بهێنمە بەرباس.

ئەمانە قسە و دەردی كەسێكی دەستبەسەر كراو كە بە ناڕەوا و لە پێوەندیی لەگەڵ بەدستهێنانی مافی رەوای نەتەوەی كورد چالاكی نواندووە نیە، بەڵكوو دەرد و رەنجی نەتەوەییەكی زۆر گەورەیە كە چەندین ساڵە نەوە بە نەوە زوڵمی لێكراوە و هەروەها ئەو نەتەوەیە لەمەڕ گەیشتنی كوردەكانی عێراق بە مافی رەوای خۆیان دوای كوشت و كوشتارێكی زۆری رژێمی سەدام حوسێن، زۆر خوشحاڵە و خۆی بە خاوەنی ئەو دەسكەوتانە دەزانێ.

هەر ئەو زوڵم زۆرییانە چەندین ساڵە كە باڵی بەسەر خەڵكی كوردستانی ئێراندا كێشاوە و بە رۆژی رووناك دەیاندە بەر ئاگری چەكەكانیان و منداڵان و ژنان لە پێش چاوی دایك و باوەكەكانیان لەت و پەت دەكەن، گوندەكانیان قەڵاچۆ دەكەن و خەڵكی داماو و دەستەوەستان ناچار بە كۆچی زۆرەملێ دەكەن و لە دادگا رواڵەتییەكاندا حوكمی شەلاق و زیندانی، ئەشكەنجە و ئیعدام بەسەر لاوانی بێتاواندا دەسەپێنن و هەر ئەو لاوانە دەبەنە گرتنگەكان و بۆ ماوەی چەندین رۆژ بە دەست هەڵیان دەواسن و دەستە بە مەستی چاوترسێن كردنی هاووڵاتییانی كورد دەستە لاوانی كورد ئیعدام دەكەن و هیچ رەحمێك بە مامۆستا، كرێكار، فەرمانبەر و كەسانی هەژار، وەرزێڕ، پیشەوەر و بەساڵاچوو و گەنج ناكەن.

بەڕێز ئاغای بارزانی من خۆم زۆر كەمتر لەوە دەبینم كە باسی ئەو زۆلم و زۆرییانەی كە دەكرێنە سەر ئەو خەڵكە بێتاوانە بۆ ئێوە لێك بدەمەوە، بەڵام چاوەڕوانی لە ئێوە دەكرێكە لە هەمبەر ئەو نادادپەروەرییانەدا بێدەنگی هەڵنەبژێرن، هێندێ لە رۆلەكانی كوردستان لە حاڵی حازردا بە ئیعدام مەحكووم كراون و ئەو حوكمانە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پەسەند كراون، داواكارین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوكمانە هەوڵەكانتان بخەنە گەڕ.

بەڕێز بارزانی بزە بخەنە سەر لێوی دایكانی دڵ نیگەران و ئەوان چاوی هیوا و ئومێدیان بڕیوەتە ئێوە و داوا لە ئێوە دەكەم وەكوو یەكێك لە رێبەرانی كورد كەلە ناڕەحەتی و شادیی دایكانی كوردستاندا بەشدار بن، لەوان تێبگەن و لەگەڵیان بن، ئیزن مەدە كە دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆ و دوژمنانی كورد لەوە زیاتر زۆلم لەو نەتەوە بێبەش كراوە بكەن، جێگای خۆیەتی كە بەڕێزتان لە دانیشتنەكان، وتووێژەكان و كۆبوونەوەكانتاندا ئەو زۆڵم و زۆرییانەی كە دەكرێنە سەر نەتەوەی كورد بهێننە بەرباس و لە بیرتان نەچێكە ئێمە برا و خۆشكان و هاووڵاتیانی زۆلم لێكراوی ئێوەین.

رەزا شەریفی بۆكانی ـ زیندانی رەجایی شاری كەرەج