نامەی سەرئاوەڵای بنەماڵەی ٢ زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە

12:09 - 11 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی ٢ زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوای هاوکاری و پشتیوانی لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ بۆ کوڕەکانیان دەکەن.

عەلی ئەفشاری هاوڕێ لەگەڵ برایەکی بەناوی حەبیبوڵڵا ئەفشاری لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە \"تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا\" لە رێگای چالاکیی تەبلیغی و ئەندامەتی لە حێزبێکی دژبەری حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بە سێدارە مەحکووم کراون. ئەو حوکمە لە بەفرانباری ساڵی ٩٠ی هەتاوی بەو ٢ زیندانیە سیاسییە راگەیەندرا و دواتر لەلایەن دیوان بەرزی وڵاتەوە پژڕاست کرایەوە.

نامەی سەرئاوەڵای بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە کە دەقێکی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم شێوەیە:
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، هێزە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان خەڵکی بە شەرەفی ئێران!

هەروەک ئاگادارن ٢ ئەندامی بنەماڵەی ئێمە بەبێ هێچ هۆکار و تاوانێک لەلایەن دادگای شۆڕشەوە لە دادگایەکی چەند خولەکێکدا بە تاوانی دژایەتیی خودا و ئەندامەتی لە حیزبێکدا کە ساڵانێکە شەڕی چەکداریی وەلا ناوە، بە سێدارە مەحکووم کراون.

بەپێی دوایین زانیاری دۆخی جەستەیی عەلی زۆر خراپە و هێندێک لە ئەندامانی لەشی لە جوڵە کەوتووە و وێڕای پیداگریی براکەی دیکەی بۆ راگواستن بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریی ئەو زیندانیە، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رێگری لێکراوە و وەڵامی خواستەکەیان نەداوەتەوە.

بۆیە ئێمە وەک بنەماڵەی ئەو ٢ زیندانییە سیاسییە کوردە، داوا لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی ئەو زیندانیە سیاسییە بکەن و داوا لە بەرپرسانی زیندان بکەن کە بە کردەوە بۆ چار سەریی کوڕەکەیان هەنگاو هەڵبگرن و هەروەها داوا لە بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەکەین لە دادگایەکی عادڵانەدا ئەو ٢ ئەندامەی بنەماڵەی ئێمە دادگایی بکرێن، چونکە هەموو بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی بێتاوانیی ئەو ٢ زیندانییە لەبەر دەست دایە.

ئێستا گیانی ئەو ٢ زیندانییە لە مەترسی دایە، بۆیە داوا لە سەرجەم رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ دەکەین بە هانای ئەو دوو زیندانییە سیاسییەوە بێن و پێش بە کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەی مرۆیی بگرن.

بنەماڵەی \" عەلی و حەبیب ئەفشاری\" ٢ زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە سێدارە
هەینی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی