نامەی ١١ زیندانی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرج بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

15:59 - 12 بەفرانبار 2712
ئاژانس کوردپا: کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی پارێزەرانی زیندانی کراو لە وڵاتی ئێران بوون.

ئەو ١١ زیندانییە سیاسییە، ئەو بەیاننامەیەیان روو لە خاتوو \"ناوی پیلای\" کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کردۆتەوە.

نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە کە وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

کومیساریای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێزدار خاتوو ناوی پیلای
هەر وەک بەڕێزت و هاوکارانتان و بەرپرسانی پیشووی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاگادارن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٣ ساڵی رابردوودا نیشانی داوە یەکێک لە گەورەترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت رەخنەگرانی ناوخۆیی و تەناەت پەنابەرانی سیاسی دەرەوەی وڵاتیش بووە.

رێژیمی کۆماری ئیسلامییی ئێران لە بارەی رێژەی ئێعدامەکان، ئەشکەنجە، زیندانەکان، کوشتارەکان، تیرۆری بێبەزەییانەی ناوخۆیی و دەرەوە، داخستنی رۆژنامەکان، سەرکوتی هاووڵاتییان، دەرکردن و هەڕەشە کردن هەژاران، دروست کردن دۆسیە بۆ هاووڵاتییانی بێ تاوان، هەڵاواردنی زمانی و ئیتنیکی، چوونە سەرێی منداڵانی سەرشەقام، زیاد بوونی رێژەی بێکاری، مادەی هۆشبەر، بێبەش کردن لە خوێندن، رووداوەکانی هاتوچۆ، ناردنی پاڕازیت بۆ ماهوارەکان، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت، کۆنتڕۆڵی نامە و ئیمەیلی هاووڵاتییان، سەرکوتی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی هێمنانەی هاووڵاتییان، رێگری لە پێکهێنانی رێکخراو و پێشێل کردنی سەرجەم بڕگەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ سەرەڕای مەحکووم کردن و هۆشدارییەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، هەتا ئێستا لە پلەی یەکەم دایە.
رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو هەموو جینایەتە بەسندەی نەکردووە و زۆرترین مافی ناو خۆیی و نێونەتەوەیی (پەسند کراوی خۆی) لەهەمبەر پارێزەراندا پێشێل کردووە و تەنیا بە تاوانی دیفاع لە زیندانیان مۆڵەتی پارێزەری لێ هەڵوەشاندوونەتەوە و بە و زیندانی درێژ ماوە مەحکوومی کردوون.

ئیمە زیندانییانی سیاسیی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە، داوا لە رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەجەم ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و مرۆڤ دۆست دەکەین کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و بە هەر شێوەیەک کە دەکرێ لە راستای حوکمی زیندانی و هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی پارێزەریی محەممەد سەیف‌زادە، نەسرین ستوودە، ناسر زەرئەفشان، محەممەد عەلی دادخاه، فەتاح سوڵتانی، هووتەن کیا، خەلیل بەهرامیان و پاریزەرانی دەروێشەکانی گوناباد و سەرجەم پاریزەرە گومناوەکانی دیکە بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرن.

واژۆکاران
١-شاهرۆخ زەمانی
١-رەسووڵ بوداغی
٣-ساڵح کوهەندڵ
٤-میساق یەزدان نژاد
٥-سەعید ماسوری
٦- عەلی جەباری
٧-ئەفشین ئۆسانلوو
٨-رەزا شەریفی بۆکانی
٩- ئەفشین حەیرەتیان
١٠ –جەعفەر ئێقدامی
١١- خالید حەردانی