نامەی ٧٠٠ كرێكاری پیشەیی ئوتومبێل لە سنە بۆ لێپرسراوی دەزەگای قەزایی حكوومەت

13:40 - 21 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: نزیك بە ٧٠٠ كرێكاری ئەندامی یەكێك لە سەندیكا پیشەییەكانی خانوبەرەی سنە بە ناردنی نامەیەك بۆ دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، داوای جێبەجێ‌كردنی داخوازییەكانیان كردووە.

كرێكارانی پیشەیی و چاككەرەوەی ئوتۆمبێل لە شاری سنە لە ١٢ ساڵ لەمەوبەرەوە بە دانی یەك میلیۆن و پێنج سەد هەزار تمەن بە حیسابی سەندیكایەكی خانوبەرە، وادەی بوون بە خاوەنی پارچە زەوی بە ٧٠٠ كرێكار دراوە كە هەتا ئێستا جێبەجێ‌نەكراوە.

\"9716.jpg\"
كرێكارانی ئەندامی ئەو سەندیكا خانوبەرەیە بە سكاڵا لەدژی لێژنەی بەڕێوەبەری خوازیاری بەدواداچوونی ئەم مەسەلەیە بوون كە دواتر لە پرۆسەیەكی یاساییدا، لێژنەی بەڕێوەبەریی پێشوو لە تاوان بەری كرابوون.

\"یەكیەتیی ئازادی كرێكارانی ئێران\" بە بڵاوكردنەوەی لیستەی ناوی ئەو كرێكارە ناڕازییانە، روو بە سادق لاریجانی لێپرسراوی دەزگای قەزایی، نووسیویە: ٧٠٠ كرێكاری پیشەیی ئوتۆمبێلی شاری سنە بە مەبەستی دەستەبەر بوونی مافە رەواكانیان ئەگەری ئەوە هەیە ناڕەزایەتی دەرببڕن.

لێژنەی بەڕێوەبەریی پێشووی پیشەی خانوبەرەی كرێكارانی ئوتۆمبێل لە كۆی نزیك بە ٢٦ هێكتار زەویی كڕدراو بۆ كرێكاران، تەنیا ٤ هێكتاری رادەستی لێژنەی بەڕێوەبەریی تازە كردووە و ئەو ٢٢ هێكتارەكەی دیكەی دیار نیە چی بەسەر هاتووە.