نامزەدیی کوڕ و کچێک لە سەردەشت، خەڵتانی خوێن کرا

22:17 - 6 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی بنەماڵەییدا لە گوندێکی ناوچەی سەردەشت، کوڕ و کچێکی لاو بوونە قوربانیی \"توندوتیژیی نامووسی\".

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کوڕ و کچێکی خەڵکی گوندی (لیلانە)ی سەربە ناوچەی رەبەت لە شارستانی سەردەشت، لەلایەن بنەماڵەی کچەکەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللـە.

لەم رووداوەدا کە شەوی رابردوودا هاتۆتە ئاراوە، دەزگیرانی ئەو کوڕە بەناوی ئامینە عەبدوڵڵازادە و کچی محەمەد گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کوڕەی خەڵکی گوندی لیلانە بەبێ رەزامەندیی بنەماڵەی ئامینە، کچەکە دیاری دەکات، کە ئەمەلەگەڵ دژایەتیی توندی ئەندامانی بنەماڵەی کچەکەی لێکەوتبوویەوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، \"ئەو دوولاوە کوردەی خەڵکی گوندی لیلانە، لەلایەن بنەمالەی کچەکەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللـەو کچەکە دەستبەجێ گیانی لەدەست داو کوڕەکەش بەهۆی بەرکەوتنی سێ گوللـەی دەمانچەوە، بریندار بووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، بارودۆخی تەندروستیی کوڕەکە ناجێگیرەو لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش کوڕێک لە کامیاران، بە زەبری چەقۆ خوشکەکەی خۆی کوشتبوو.

\"قەتڵی نامووسی\" وەکوو یەکێک لە توندوتیژییەکانی دژبە ژنان لە قەڵەم ئەدرێت، کە بە بیانووی \"پاراستنی شەرەف و نامووس\" ژنان دەبنە قوربانی، کە ئەم دیاردەیە لە هێندێک لە ناوچە کوردنشینەکان زیاتر بەرچاو دەکەوێت.

شەهێن محەمەدی، چالاکی مافی ژنان لە مەریوان، لە لیدوانێکدا بە رادیۆ زەمانەی راگەیاندووە: \"کۆمەڵێک فاکت لە ناوچە کوردنشینەکان بوونەتە هۆی ئەوەیکە، ژن وەکوو مڵک سەیر بکرێت و ئەم بیرۆکەیەش لە حاڵی بەهێزبوون دایە.

ژیانی عەشیرەیی و گوندنشینی، کە هێزی دەست و مچەکی پیاو بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان بەسەر ژناندا زاڵە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ژن بەردەوام بخرێتە پەرواێزەوەو بەم هۆیەوە لە کۆمەڵگەی خێڵەکیدا ژنان چاو لەدەست و گوێ لەمستی پیاوانن و لە ئەنجامیشدا دەبێتە جرێک کۆیلە بوونی ژنان.