نالەباریی بارودۆخی کامیۆندارانی سنووری باشماخ

19:16 - 21 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: سەدان شۆفێری کامیۆن و تانکەری هەڵگری سووتەمەنی کە لە ڕێگای بازاڕچەی سنووریی باشماخی مەریوان هات و چۆ دەکەن، لەگەڵ کێشەگەلێک دەستەوئێخەن کە بە هۆی ئاستەنگی بەڕێوەبردنی گەڵاڵە بازرگانییەکانیەوە بەرەوڕوویان بۆتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،لە دە ڕۆژ پێش ئێستاوە، شۆفێرانی کامیۆن و خاوەن تانکەرە نەوت‏هەڵگرەکان،بە دەست‏لەکار‏کێشانەوە ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ کێشەکان لە سنووری باشماخ دەربڕیوە.

داهاتی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا بە بۆنەی ناتەبا بوون لەگەڵ چالاکییە بازرگانییە سنوورییەکانیان دابەزیوە. لە نێوان کێشەکان‏دا، پرۆژەی\"شێوەی باکی پڕ\" و بەرز بوونی نرخی سووتەمەنیی گازۆییل، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی خاوەن تانکەر و کامیۆندارەکان‏ هەبووە. لە خەرمانانی ساڵی١٣٩٣وە \"ناوەندی خەبات دژی قاچاخی کەل‏وپەل و دراوی دەرەکیی وڵات \"، داوای لە گومروکە سنوورییەکان کردووە کە ڕێژەی سووتەمەنی نێو باکی ئەو ئۆتۆمبێلانە کە لەو سنوورەوە هاتوچۆ دەکەن بەپێی پرۆژەی \"باکی پڕ\" پێوانە بکرێ، و بەپێی ڕێژەی ئەو سوتەمەنییە پارەکەی لە شۆفێرەکان بە شێوەی نەخت وەردەگیرێ.

نرخی گازۆییل کە لە سوتەمەنییە بنەڕەتییەکانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانە، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە بەرزبووندا بووە و هەر یەک لیتر گازۆییل بە نرخی ١٣٠٠تمەن فرۆشراوە. دەوڵەت بە جێبەجێ کردنی ئەم گەڵاڵەیە لە سنووری باشماخ تاکوو ئێستا ٨٩میلیارد تمەن داهاتی هەبووە. هەروەها یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان بە هەواڵنێریی هەمشەهری ئانلاینی گوتووە کە: \"ئێستا کرێ‏بارەکان لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ٦ میلیۆن تمەنەوە بۆ ٢میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن دابەزیوە، بۆیە بە لەبەرچاو گرتنی تێچوو و داهاتەکانمان هیچ قازانجێک ناکەین\".

یەکێکی دیکە لە شۆفێرەکان کە زیاتر لە ١٥ساڵ ئەزمونی هاتوچۆی لەو شوێنانە هەیە، زۆر بوونی سووتەمەنی و کەمیی پارەی کرێ‏بارەکانی بە هۆکاری فەلەج بوونی ژیانی شۆفێرەکان زانی. جێگری بەرنامەڕێژیی و پەرەپێدانی پارێزگای کوردستان، ماوەیەک پێش، باسی لە هاتوچۆی ٨٠٠ تا هەزار و ٢٠٠ کامیۆنی هەناردە کردن و ترانزیتی لە سنووری باشماخ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کردبوو.