نالەباربوونی بارودۆخی هاووڵاتییەکی ناڕازی لە ئیتلاعاتی مەریوان

10:56 - 30 رەزبەر 2722

یەکێک لە هاووڵاتییانی ناڕازی بە ناوی "جەلیل ئەحمەدی" خەڵکی شاری مەریوان، کە ماوەی ٢٢ ڕۆژە دەسبەسەرکراوە، بارودۆخی تەندروستییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، نالەبارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ''جەلیل ئەحمەدی'' بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان، هەتا ئێستا ٤ جار پزیشک سەردانی کردووە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوان.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ''هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی ڕەوانەکردنی ئەو هاووڵاتییە ناڕازییەیان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی گرتنگە ئەمنییەتییەکان نەداوە''.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هاووڵاتییە لەو ماوەیەدا ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ۱۰ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و سەرەڕای دەسبەسەرکردنی خۆی، دەستیان بە ئازار و لێدانی هاوژینەکەی، کردبوو.