ناسنامەی چوارکەس لە دەستبەسەرکراوەکانی کوردستان ڕوون بووەوە

22:13 - 23 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز چالاکێکی کرێکاریی خەلکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵە بە ناوی ئیقباڵ زارعی لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە خێزاندارە و پاش دەستبەسەر کردنی لە ماڵەکەی خۆیدا، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەواڵنێریی کوردپا، ئەو هاووڵاتیە کوردە خەڵکی گوندی \"خۆشەدرە\" سەر بە بەخشی زیویەیە و پێشتریش بە تۆمەتی \"چالاکی سیاسی\" بۆ ماوەی سێ مانگ لە زینداندا بووە.

دەوترێ، بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە مەڕ بارودۆخی ئیقبال زارعی بێ‌ئاکام بووە و هەتاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نیە.

هەروەها شوناسی سێ هاووڵاتیی دیکە کە لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕ لە شارەکانی سنە، پیرانشار و بۆکان دەستبەسەر کرابوون، ڕوون بووەتەوە.

ئەو سێ هاووڵاتیە لە لایەن بەرپرسانی ئەمنیەتیی حکوومەتەوە بە تاوانی \"پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تەکفیرییەکان بە پشتیوانیی عەرەبستانی سعوودی، تاوانبار کراون.

ڕەزا زەند کەریمی، عەزیز ئاشناوەر و ڕەسوول توفانی، شوناسی دەستبەسەر کراوانی شارەکانی سنە، پیرانشار و بۆکانن و هەرسێکیان کەسانێکی کاسبکارن.

ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو، هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، لێدوانەکانی موحسێن ڕەزایی بڵاوکردەوە کە بانگەشەی دانیشتنی هاوبەشی بەرپرسانی عەرەبستان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر کردبوو.

ڕێبەرانی ئەو حیزبانە لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەنەکان هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بە تایبەتی عەرەبستان و قەتەر،بە توندی ڕەت دەکەنەوە و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانیان بە تۆمەت لێدان لە شۆڕشی ئازادیخوازانەی کوردستان تاوانبار کردووە.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتیی کورد لە کوردستان دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٢٨ کەسییان ڕوون بووتەوە.

لینکی پێوەندیدار:
سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد دەستبەسەر کران
لە شنۆ دەستبەسەر کردنی بە کۆمەڵ درێژەی هەیە