ناستانداردیی رێگەوبانەکانی جوانرۆ و بەردەوامیی رووداوی هاتووچۆ + وێنــە

15:38 - 26 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی لەمپەر و هەروەها هێمای ئاگادار کەرەوە لە جاددەی نێوان شێخ سەڵە و تازاوای شاری جوانڕۆ لە ئوستانی کرماشان، هاووڵاتییەک بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٢٦ی رەزبەر، لە جاددەی نێوان شێخ سەڵە و تازاوای سەربە شاری جوانرۆ، ماشێنێکی بارهەڵگر هەڵدێرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا شۆفیرەکەی گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا راگەیاند، ئەو رووداوە بەهۆی نەبوونی هێمای ئاگادار کەرەوە و هەروەها بەرتەسک بوونی ئەو جادەیە هاتووەتە ئاراوە.

ئەو ماشێنە بارهەڵگرە کە بارەکەی چیمەنتۆ بووە، بە تەواوەتی لە ناوچووە و شۆفیری ماشێنەکەش دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و ماشێنەکەیشی بە تەواوەتی لەناو چووە.

بەپێی ئاماری پزیشکی قانوونیی ئوستانی کرماشان لەچوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا و لە ئەنجامی ٨٣٢ حاڵەت رووداوی هاتووچۆدا لەو ئوستانە، ١٠٩ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ٩٠١ کەسیش بریندار بوونە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ دانانی لەمپەر و هێماکانی هاتووچۆ لە جاددەکاندا، ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە جاددەکانی ئێراندا دەبنە قوربانی و ئەم حاڵەتانش لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران‌دا زۆر بەرچاوترە.