ناستاندارد بوونی جادەکان، هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکات

14:21 - 28 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان, ساڵانە لەسەر رێگەی نێوان شارە کوردنشینەکانی ئیران بەهۆی خراپ بوونی قیرتاو، نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ و ناستاندارد بوونی ماشینەکان، سەدان هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست ئەدەن.

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی زستان بەهۆی شاخاوی بوونی ناوچە کوردنشینەکان، بارینی بەفری لە رادەبەدەر و بەرینایی کەمی جادەکان و هاوکات نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەیان رووداوی کارەساتباری هاتوچۆ دێنە ئاراوە و لە ئەنجامدا سەدان هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانی.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شاری \"ماکۆ\"وە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بەهۆی کەمێی ئیمکاناتی ئیدارەی رێگەوبان، نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ، هەڵکەوتەی جادەکانی ئەو شارە لەسەر هێڵی ترانزیتی، هاتوچۆی ماشینە بارهەڵگرەکان بەرەو خاڵی سنووریی بازرگان، جادەکانی ئەو شارە بووە بە یەکێک لە مەترسیدارترین جادەکانی وڵاتی ئێران.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە بەهۆی خەمساردیی پۆلیسی هاتوچۆ لەمەڕ گیانی هاووڵاتییان و وەرگرتنی بەرتیل لە شۆفیرانی سەرپێچی‌کار، ساڵانە سەدان هاووڵاتیی کورد و ئازەری دەبنە قوربانی.

یەکێک لە شۆفیرانی ئەو ناوچەیە لەمەڕ وەرگرتنی بەرتیل، رایگەیاند: بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری لە ئێران و کەمیی مووچە و خراپیی باری گوزەران، مەئموورانی پۆلیسی هاتوچۆ بەناچاری بەرتیل وەردەگرن و لە سەرپێچیی شۆفیرەکان چاوپۆشی دەکەن.

\"11140.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی راپۆرت هەواڵنێری کوردپا، لەماوەی ٧ رۆژی رابردوودا بەهۆی خراپیی جادەی نێوان سەقز بۆ دیواندەرە، ٥ رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئەو جادەیە هاتۆتە ئاراوە و چەندین کەس بەتوندی بریندار بوون.

جادەی نێوان سەقز بۆ دیواندەرە زیاتر لە ٤٠ ساڵ پیش ئێستا و لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی \"حەمە رەزا شا\"ی پەهلەویدا دروست کراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران بڵاوی کردەوە کەلە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، ١٤ هەزار و ١٢٦ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە وڵاتی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە بەپێی ئەو ئامارە و لەو ماوەیەدا لە ٤ پارێزگای کوردنشینی ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژاوا، ١ هەزار و ٣١٤ کەس گیانیان لەدەست داوە.