ناردنی کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ بنەماڵەی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت لە شاری کامیاراندا

15:47 - 16 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ستادی خەبەریی وەزارەتی ئیتلاعات، بۆ بنەماڵەی ئەندامانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە شاری کامیاراندا، کورتەنامەی هەڕەشەئامێزی ناردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ستادی خەبەریی وەزارەتی ئیتلاعات، دەستی بە ڕەوانەکردنی کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ بنەماڵەی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە شاری کامیاراندا، کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هەوڵەی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاستای هەڕەشە لە بنەماڵەکانی ئەندامانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ ئەو بنەماڵانەیە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"وەزارەتی ئیتلاعات، لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئەندامانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، داوای کردووە کە کوڕ و کچەکانیان بگەڕێننەوە ئێران.\"

لە ماوەی ساڵانی ڕابروودا، گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەم ناوەندە ئیتلاعاتییە بە بانگهێشت و پەیوەندیی تەلەفۆنی، ئەو بنەماڵانەی خستووەتە ژێر گوشارەوە کە کوڕ و کچەکانیان ڕادەستی حکوومەتی ئێران بکەن.