ناردنی فڕۆکەی "پێهپاد"ی ئێران بۆ ئیسرائیل و بەرەنجامەکانی

16:10 - 8 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای هێرش بۆ سەر چەند ناوەندێکی بەرهەمهێنەری چەک و تەقەمەنیی سەر بە سوپای پاسداران لە وڵاتی سوودان، حکوومەتی ئیسلامی ئێران \"دەوڵەتی ئیسرائیل\"ی بە دەست تێدا بوون لەو بۆردومانە تاوانبار کرد.

بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسرائیل هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی هیچ هەواڵێکیان لەمەر دەست تێدا بوونی ئەو وڵاتە لەو بۆردمانەدا رانەگەیاندووە، بەڵام \"حکوومەتی سوودان\"یان وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی حکوومەتی ئێران ناو بردووە.

سیلوان شالۆن جێگری وەزیری ئیسرائیل رایگەیاندووە کە حکوومەتی سوودان لە رێگای ئەو ناوەندەوە چەک و تەقەمەنیی هاوپەیمانانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەکە و بەتایبەت رێکخراوەکانی حەماس و حیزبوڵڵا دابین دەکات.

هەواڵدەریی فەرانسەش لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە، کە حکوومەتەکانی ئێران و سوودان لەو ناوەندە کەرەستەکانی شەڕیان بۆ هاوپەیمانانی ئێران مونتاژ کردووە.

رۆژنامەی \"یدیوعوت ئاحارونوت\" بڵاوی کردۆتەوە کە لەو ناوەندە، کەرەستەکانی پێهپاد(فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان)ی تێدا بەرهەم هاتووە.

هەواڵدەریی فەرانسەش لەزاری دیپلۆماتێکی رۆژئاواییەوە بڵاوی کردۆتەوە، کە ئەو کارگەیە ناوەندی مونتاژی کەرەستەکانی \"پێهپاد\" بووە.

رێکەوتی ١٥ی رەزبەر رادیۆ ئاڵمان لەزاری \"ئاویتال لایبوویچ\" وتەبێژی ئەرتشی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی ئەرتشی ئەو وڵاتە فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانیان لە جۆری پێهپاد خستۆتە خوارەوە.
هەواڵدەری \"یدیوعوت ئاحارونوت\"یش بڵاوی کردبۆوە کە ئەو فڕۆکەیە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە بەمەبەستی سیخوڕی نێردراوەتە سەر خاکی ئیسرائیل و تەنانەت ئاماژەی بەوەش دابوو کە لەوانەیە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بەرهەم هاتبێت.

\"9574.jpg\"
هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی تاران و رێکخراوی حیزبوڵڵا
هەواڵدەریی فارس لەزاری \"جەماڵەدین ئابروومەند\" بەرپرسی کومیسیۆنی بەرگری مەجلیسی ئێرانەوە بڵاوی کردبۆوە کە ئەو ئیدعایەی ئیسرائیل تەنیا شەڕی رەوانییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نیە.

دەبیری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانیش لەم بارەوە رایگەیاندبوو، کە ئەو فڕۆکەیە دروستکراوی ئێرانە و هێچ پێوەندییەکی بە وڵاتی رووسیەوە نیە و حیزبوڵڵای لوبنان خۆی لەهەمبەر ناردنی ئەو فڕۆکەیە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت.

هەواڵدەریی مێهر دوێنێ یەکشەممە لەزاری محەممەد ئیسماعیل کەوسەری بەرپرسی کومیتەی داکۆکیی مەجلیس بڵاوی کردبۆوە کە \"پێهپادی ئەیووب\" لە زۆربەی پایەگا تایبەتییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل وێنەی هەڵگرتووە و هەنووکە ئەو وێنانە لەبەر دەستی ئەوان دایە.

بەرپرسی کومیتەی داکۆکیی مەجلیس و ئەحمەد وەحیدی وەزیری بەرگریی حکوومەتی ئێران رایانگەیاندووە کە حیزبوڵڵای لوبنان فڕۆکەی پێهپادی چەندین بەرابەر پێشکەوتووتری لەبەر دەست دایە.

رۆژنامەی \"ساندی تایمز\"ی ئینگلیزی لە ژومارەی ئەمڕۆی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە کە ئەو بۆردومانەی حکوومەتی ئیسرائیل شێوەیەک تاقی کردنەوەی هێرشە بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیران.

ئەو هێرشە لە کاتێک دایە کە حکوومەتی ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار هەڕەشەی هێرشی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کردبوو کە دژکردەوەی زۆریک لە وڵاتانی رۆژئاوایی بەدواوە بوو، هەرچەندە بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەلە ئەگەری روودانی هێرشێکی لەو چەشنە پەرچەکرداری توند لە خۆیان نیشان ئەدەن.

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی پێهپاد ماوەی نزیک بە ١٠ خولەک و بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمیتر بەسەر ئاسمانی ئیسرائیل‌دا گەڕابوو کە بە وتەی بەرپرسانی ئەرتشی ئیسرائیل هەر لە سەرەتای ئەو بەزاندنەوە کەوتۆتە ژێر چاوەدێریی ئەرتشی ئیسرائیل و دواتر خراوەتە خوارەوە.