سەیدئەحمەد ئیسماعیلی؛ سپای پاسداران کوشتی و دوای تێپەڕبوونی ۶ ڕۆژ تەرمەکەی ڕادەست نەکردەوە و بێسەروشوێنی کرد

09:04 - 12 گەلاوێژ 2726

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان لە کوردستان؛

بەردەوامیی مۆدێلێکی مێژوویی و چەند لایەنە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و هاوپشتی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکاندا، ئەشکەنجەی دەروونیی بنەماڵەکان بۆ ڕاگرتنی مافخوازی، و پاکتاوکردنی بەڵگەکان بۆ ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیی سزاییە.

۱۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ بە تێپەڕبوونی ۶ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی کوژرانی «سەیدئەحمەد ئیسماعیلی»، لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە نزیک بەنداوی بۆکان، تەرمەکەی تا ئێستاش ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. بنەماڵەکەی لەم ماوەیەدا چەندین جار سەردانی ئیتلاعاتی سپای ورمێیان کردووە، بەڵام ئەم دامەزراوە ئەمنییە دوای چەندین جار ئەمڕۆ و بەیانی پێکردن، ئەمڕۆ ئیدعای کردووە: «کوا تەرم؟ هەر لەلای ئێمە نییە؟». سەرباری ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە گواستنەوەی تەرمەکەی لەلایەن هێزەکانی سپاوە دوای کوژرانی، خۆبواردن لە ڕادەستکردنەوەی تەرم، بێئاگایی بنەماڵەکە و وڵامدەرنەبوونی دامەزراوە ئەمنییەکان، ئەم دۆسییەیە دەخاتە چوارچێوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ کوردپا وتی؛ ئەمڕۆ یەکشەممە ۱۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، بنەماڵەی «سەیدئەحمەد ئیسماعیلی» بۆ چەندەمین جار سەردانی ئیتلاعاتی سپای ورمێیان کردووە و داوای ڕادەستکردنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان کردووە، بەڵام هێزەکانی ئەم دامەزراوە ئەمنییە، دوای چەندین جار «ئەمڕۆ و بەیانی» پێکردن، لە کۆتاییدا بێئاگایی خۆیان دربڕیوە و بە بنەماڵەکەیان گوتووە: «کوا تەرم؟ هەر لەلای ئێمە نییە؟»

شەوی سێشەممە ۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «سەیدئەحمەد ئیسماعیلی» لە نزیک بەنداوی بۆکان، هەڵکەوتوو لەسەر ڕێگای بۆکان ـ سایین قەڵا، لەکاتێکدا بە ماتۆڕەکەی خۆی لە شوێنەکەدا ئامادە بووە، دەکرێتە ئامانجی دەستڕێژی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و دەکوژرێت. بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران، لەوانە هێزە خۆجێییەکانی سپا ناسراو بە «جاش»، دوای بیستنی دەنگی تەقەی فیشەک لەم ناوچەیەدا سەردانی شوێنەکەیان کردووە و دەستبەجێ دەستڕێژی تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە. دوای ئەوەش هێزەکانی سپای پاسداران تەرمی سەیدئەحمەد ئیسماعیلییان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

لە هەمان ماوەی زەمەنیدا، قەرارگای حەمزە سەیدوشوهەدا ڕۆژی ۷ی گەلاوێژی ۱۴۰۵ بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک کە لە ڕێگەی زۆرێک لە ڕاگەیاندنە حکومییەکانەوە بڵاو کرایەوە، بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامە یان تایبەتمەندیی هیچ کەسێک، ڕایگەیاند «کەسێکی تێرۆریستی سەر بە گرووپە تێرۆریستییە جیاییخوازەکان» لەلایەن «پاسدارانی گومناوی ئیمام زەمانەوە لە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پارێزگای ورمێ» دوای «ناسێنەوە» کوژراوە. لەم هەواڵەدا، چەند وێنەی بەستراوە بە یەکترەوە بڵاو کرایەوە کە لە یەکێکیاندا تەرمێک لە مل بەخوارەوە دەبینرێت و لە وێنەکانی دیکەشدا چەند چەک و نیشانەی قەرارگای حەمزە نیشان دراوە.

بۆ کوردپا ڕوون نییە کە ئایا تەرمی نیشاندراو لە وێنە بڵاوکراوەکاندا و ئیدعای قەرارگای حەمزە کردووە پەیوەندیدارە بە «سەیدئەحمەد ئیسماعیلی» یان نا؛ بەتایبەت کە تا ئێستا نه تەرمەکەی و نه هیچ پەڕە و بەڵگەیەک ڕادەستی بنەماڵەکە نەکراوە و هیچ دۆسییەیەکیش بۆ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکە لە هۆکاری کوژرانی ڕۆڵەکەیان و پرۆسەی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە نەکراوەتەوە.

«سەیدئەحمەد ئیسماعیلی»، کوڕی عومەر، ۲۶ ساڵان، سەڵت و خەڵکی مەهاباد بوو. ئەو کارێکی جێگیری نەبوو و لە ڕێگەی کاری ئازادەوە بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بۆ وڵامدانەوە، ڕادەستنەکردنی تەرم و نکۆڵیکردن لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە («کوا تەرم؟ هەر لەلای ئێمە نییە») دوای کوژرانی سەیدئەحمەد ئیسماعیلی، بەڵگەی دیار و تەواوی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ»یە (ماددەی ۲ی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو کەسێک لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ). لەم مۆدێلە ڕەفتارییەدا، حکوومت بە دروستکردنی بێئاگایی و نکۆڵیکردنی فەرمی، قوربانییەکە بەتەواوی لە «پشتیوانیی یاسا» دەردێنێت و بە سەندنی دەرفەتی مافخوازیی یاسایی و دادوەری، وڵامدەربوون سەبارەت بە تەقەی نایاسایی و سەندنی ژیانی سەروو یاسایی هاووڵاتییان دێنێتە سەر سفر.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان و وڵامدەرنەبوونی حکوومت، پاشخانێکی مێژوویی بەتایبەت لە کوردستاندا هەیە؛ مۆدێلێکی هەڵاواردنکارانە و ئەمنی کە لە سێدارەدانەکانی دەیەی ۶۰ و بەخاکسپاردنی نهێنیی زیندانییانی سیاسیی کورد و نەیارانی حکوومتەوە تا ئێستا بەردەوام بووە. ئەم ولامنەدانەوە سیستماتیکە تاکتیکێکی سەرکوتی چەند لایەنەیە. حکومت بە شاردنەوەی تەرمەکە، سێ ئامانج دەپێکێت؛ یەکەم، ڕێگری لە بوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکان بۆ ناڕەزایەتی و هاوپشتیی بەکۆمەڵ لە کوردستان؛ دووەم، سەپاندنی ئەشکەنجەی دەروونی بەسەر بنەماڵەدا بۆ پەکخستنی توانای مافخوازی؛ و سێیەم، سڕینەوەی بەڵگەکانی پزیشکی دادوەری بۆ ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیی سزایی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.