نادیاربوونی چارەنوسی خوێندکارێکی کورد لە شاری سنە

15:16 - 11 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: چارەنوسی خوێندکارێکی کورد، کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەر چارەنوسی \"عێرفان ساعدپەنا\"، خوێندکاری قۆناغی کارناسی باڵا لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی خوارزمی تاران، دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم خوێندکارە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بنەماڵەی ئەم خوێندکارە کوردە بۆ زانینی زانیاری لەبارەی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە، بەڵام هێزەکانی ئیتلاعات ئیزنی دیداریان لەگەڵ کوڕەکەیان پێنەداون\"؛ هەروەها وتی: \"هێزەکانی ئیتلاعات بە بنەماڵەی عێرفان ساعدپەنایان وتووە کە ناوبراو چەند ڕۆژێك میوانی ئەوان دەبێت\".

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەم خوێندکارە کوردەیان بانگهێشت کردووە و دواتر هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەریان کردووە، بانگ‌کردن و دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە کوردە هاوکات لەگەڵ ڕێگرییەکانی ڕێژیم لەمەڕ بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز بووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و تۆمەتە سەپێنراوەکان بەسەر ئەم خوێندکارە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

عێرفان ساعدپەنا لە مامۆستایانی زمانی کوردی شاری سنەیە و هەتا ئێستا دوو بەرهەمی ناوبراو لەم بوارەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.