\"نادیا موراد\" وەکوو باڵوێزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرا

21:02 - 27 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: \"نادیا موراد\" كچە كوردی ئێزیدی کە چیرۆکەکەی جیهانی سەرسام‌ کرد، کاتێک لە دەستی داعش ڕزگاری هات، لە باڵه‌خانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی \"بان کی موون\"، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو باڵوێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیازپاکی دەستنیشان كرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نادیا موراد یەکێکە لە كاندیدەكان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گۆڤاری تایمی ئەمریکی، نادیا مورادی بە یەکێک لە بەهێزترین کەسایەتییەکانی جیهان دەستنیشان کردووە.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، \"ئه‌مه‌ل كلوونی\"، هاوسه‌ری \"جۆرج كلوونى\" ئه‌كته‌ری هۆلیوود وه‌ك پارێزه‌ری خۆبه‌خشی نادیا موراد قسه‌ی كرد، ڕایگەیاند کە؛ \"نادیا هێمای ئازایه‌تییه‌\".

هەر لەم پێوەندییەدا، لە نامەیەکدا بۆ خاتوو نادیا موراد، \"نێچیروان بارزانی\" سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشی و هەستی خۆی، هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم کچە ئیزەدییە دەخوازێت و هەوەها پێشتگیری خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو ئەرکە کە بۆ ناوبراو دیاری کراوە ڕاگەیاند.

دوای هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان زۆربەی زۆری ژنان و کچانی ئێزیدی بە دەستی هێزە شەڕکەرەکانی داعش، بە کۆیلە گیران و هەندێ لەو ژن و کچانە لە نێو خۆیان و وڵاتانی دیکەدا معامڵەیان لەسەر کرا و ساتوسەودایان پێوە کرا و هەندێکی دیکەشیان دوای ئەشکەنجە و دەست دست‌درێژی، ئازاد کران و یەکێ لەو کچانە نادیا موراد بوو کە پاش ڕزگار بوونی لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش، بەسەر هاتی خۆی و زۆربەی زۆری ژنان و کچانی ئێزیدیی بە گۆێی جیهان گەیاند و ئێستاش وەکوو باڵوێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیازپاکی دەستنیشان‌ كراوە.