نادرقازی‌پوور: پارەی تەرخان کراوە بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ، خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە

20:14 - 1 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە نوێنەرانی حکوومەتی ئێران، لە مەجلیس باسی لەوە کرد؛ کە ئەوە پارەیە کە بۆ بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ تەرخان کراوە، خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە.

هەواڵدەریی \"فارس\" لە زاری نادرقازی‌پوور نوێنەری پارێزگای ورمێ لە مەجلیس بڵاوی کردەوە، هەنووکە زیاتر لەسەدا ٩٦ گۆلی ورمێ وشک بووە و تەنانەت ٢٥% سانتیمێتر بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو وشکی کردووە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیسە لە درێژەدا دەڵێت: چەندین جار ڕامگەیاندووە و دووپاتی دەکەمەوە کە ستادی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ ڕۆڵی ستادی مەرگی ئازەربایجانی گێڕاوە و بەداخەوە پرۆژەی سازکردنی بەنداوەکانی \"نازلوو\" و\"باراندووز\"یش لەو پەیووەندییەدا، داخراون.

قازی‌پوور هەروەها دەڵێت: بەداخەوە تێچووی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ خەرجی کاری بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە.

ناوبراوە تەنانەت باسی ئەوەش دەکات کە، تەنانەت بەرنامەی پێداچوونەوە بە نەخشەڕێگای بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ پێشبینی کرابوو، دەردێکی دەوا نەکرد و تەنیا دەبێ چاوەڕوانی باران بارین بین بۆ چارەسەری قەیرانی گۆلی ورمێ.

گۆلی ورمێ، بە ٧٥٠ هەزار هیکتار ڕووبەرەوە، کە ١٠٠ دوورگەی گەورە و بچووکیشی تێدابوو، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی دروست کرانی چەندین بەنداو لە سەر چۆم و ڕووبارەکانی دەوروبەری، تووشی وشکاندن هاتووە.