ناجا گیانی لاوێكی كوردی ئه‌ستاند + وێنه‌

19:50 - 24 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی كوردپا: لاوێكی كاسبكاری كورد به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌چه‌كداره‌كانی حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌له‌سنووری قه‌سری‎شیرین گیانی له‌ده‌ست ‎دا.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌ئاژانسی هه‌واڵدەریی كوردپا گه‌یشتووه‌، چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا لاوێكی ٢١ ساڵه‌ی كورد به‌ناوی سه‌عید جه‌ماڵی، به‌هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ئینتزامییه‌كانەوە گیانی له‌ده‌ست دا.

ئه‌م ڕووداوه‌له‌ده‌وروبه‌ری ناوچه‌سنورییه‌كانی قه‌سری‎شیرین سه‌ر به‌پارێزگای كرماشان ڕووی داوه‌.

\"28997.jpg\"
سه‌عید جه‌ماڵی
ئه‌م لاوه‌سه‌رقاڵی كاری پڕ مه‌ترسیی كۆڵبه‌ری له‌ناوچه‌سنورییه‌كان بووه‌و مه‌ئموره‌كانی هه‌نگی مه‌رزی به‌بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك ته‌قه‌یان لێكردووه‌و گیانیان لێ ‎ئه‌ستاندووه‌.

به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته،‌سه‌عید جه‌ماڵی ئه‌مساڵ كۆتایی به‌ده‌ورانی سه‌ربازییه‌كه‌ی هێنابوو و به‌٥٠ هه‌زار تمه‌ن دەسمایه‌وه‌له‌سنووره‌كانی قه‌سری‎شیرین سه‌رقاڵی دابین كردنی بژیوی ژیانی بووه‌.

به‌پێی ئاماره‌تۆماركراوەكان له‌ناوه‌ندی ئاماری ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌(زایینی)، ٥٦ كۆڵبه‌ری كورد به‌ده‌سڕێژی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی سه‌رسنووری حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران كوژراون.

نێونجی ته‌مه‌نی ئه‌م كه‌سانه‌١٧ تاكوو ٤٥ ساڵ بووه‌.

چه‌ند ساڵ لەوەبەر، ئه‌حمه‌د شه‌هید ڕێپۆرتێری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له‌ئێران، ڕه‌خنه‌ی له‌\"كوشتاری سیستماتیكی\" كۆڵبه‌ر و كاسبكارانی سه‌رسنوور لە ئێران گرتبوو.