نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی ئیدارەی بێهزیستی و فرۆشی گورچیلەی هاووڵاتییانی شاری سنە

12:27 - 8 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: سووکایەتیی و هەڵسووکەوتی نەشیاوی فەرمانبەرانی ئیدارەی بێهزیستیی شاری سنە بێ هیوایی هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی هەژار و دەستکورتی شاری سنە بەهۆی بێ‌حورمەتیی هێندیک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی بێهزیستیی ئەو شارە، تووشی نیگەرانی و بێ هیوایی بوون.

\"16390.jpg\"
سەباح قورەیشی،بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستیی شاری سنە
لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە هاووڵاتییانی دەستکورتی شاری سنە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند : هاووڵاتییانی هەژار و بێ دەرەتان بەهۆی هەڵسووکەوتی نەشیاوی فەرمانبەرانی ئیدارەی بێهزیستییەوە بەتەواوەتی هیوابڕاو بوون و هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵسووکەوتەی بۆ بەرپرسی ئەو ئیدارەیە بەناوی \"سەباح قورەیشی\" و جێگرەکەی \"تەیموور جەعفەری\" گەڕاندەوە.

\"16391.jpg\"
تەیموور جەعفەری ،جێگری ئیدارەی بێهزیستیی شاری سنە
یەکێک لە شایەتحاڵان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \" من بەچاوی خۆم بینیم کە هاووڵاتییان تەنیا لە بەرامبەر وەرگرتنی چەند هەزار تمەنێکدا لەلایەن بەرپرسانەوە سووکایەتییان پێ دەکرا و ئەم جۆرە هەڵسووکەوتەی فەرمانبەران، گریانی هێندێک هاووڵاتییانی هەژاری لێ دەکەوتەوە\".

هاووڵاتییەکی سنەیی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، زۆرێک لەو کەسانەی کە لە وەرگرتنی یارمەتیی ئیدارەی بێهزیستیی شاری سنە هیوابڕاو دەبن، پەنا بۆ فرۆشتنی گورچیلەیان دەبەن.

زۆربەی ئەو کەسانەی بەناچاری روویان لە فرۆشتنی گورچیلەی خۆیان کردووە ژومارە تەلەفۆنی خۆیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بڵاو کردۆتەوە.

\"16389.jpg\"
تراكت و نووسراوەكانی فرۆشی گورچیلە لەناو شاری سنە
هاووڵاتییەکی سنەیی کەنەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، هۆکاری فرۆشی گورچیلەی خۆی بۆ هەژاری گەڕاندەوە و رایگەیاند: \"هەوڵەکانم بۆ وەرگرتنی یارمەتی لەناوەندە حکوومەتییەکان، بێ ئاکام مایەوە\".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٥٧٠٠ بنەماڵەی سنەیی لەژێر چەتری ئیدارەی بێهزیستی دان و هاوکات ٧٠٠ بنەماڵەی دیکە لەو ئیدارەیەدا ناونووسییان کردووە و بەم پێیە رێژەی هەژاری و دەستکورتی لەشاری سنە رووی لەزیادبوون کردووە.