نائارمییەكان لە ئیلام درێژەیان هەیە

23:10 - 15 جۆزەردان 2712
كوردپا: پاش پووچەڵ كردنەوەی ئەنجامی خولی دووەیەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران لە چەند شاری پارێزگای ئیلام، خەڵكی ناڕازی لە شاری \"مەلەكشایی\" دەستیان دایە ناڕەزایەتی و لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانە هەتا ئێستا چەند كەس كوژراو بریندار بوون و دەیان كەسی دیكەش دەستبەسەر كراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە پشت بەستن بە زانیاریی هاووڵاتییانی \"مەلەكشایی\"، بڕیارە رۆژی سێشەممە عەلی ئەكبەر مەتین نوێنەری رەت كراوە لە دانیشتنێكدا لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەم پرسە تاوتوێ‌ بكات.

خەڵكی ناڕازیی مەلەكشایی رایانگەیاندووە، ئەگەر بێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە نەرێنی رابگەینرێت، دیسان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دەڕژێنە سەرشەقامەكان.

كۆمەڵێكی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنیەتی ـ نیزامییەكانەوە دەستبەسەر كراون كە بە وتەی شایەتحاڵان رێژەیان زیاتر لە 300 كەس بووە.

یەكێك لە ناڕازییانی شاری مەلەكشایی بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای وتووە، بە مەبەستی پێشگیری لە دەركەوتنی رێژەی راستەقینەی كوژراو و بریندارەكانی ئەو ناڕەزایەتییانە، دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەكانی ئیلام.

بە مەبەستی بەرەنگار بووونەوە لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی، لە شارەكانی ئەهواز و كرماشانەوە هێز و گاردی تایبەتیان هێناوەتە نێو شاری مەلەكشایی‌.

شایەتحاڵان دەڵێن: \"هەتا ئێستا نزیك بە 40 هێزی نیزامی و خەڵكی ناڕازی كوژراون و 70 كەسیش بریندار بوون و لە رێگای هێلی كۆپتێرەوە بۆ ئیلام گوازراونەتەوە\".

هەتا ئێستا ئەم ئامارە لەلایەن هیچ سەرچاوە و ناوەندێكی متمانە پێكراوەوە تەئید و پژڕاست نەكراوەتەوە.

دوێنێ‌ بەهۆی هاویشتنی گازی فرمێسك رێژ لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە سێ‌ پیرە پیاو باری تەندروستییان خراپ بووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون، هەروەها پیاو و ژنێكی دیكەش بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە لاقیان بریندار بووە.

هاووڵاتییەكی خەڵكی مەلەكشایی بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، كە شەوانە دەنگی گوللە لەنێو شاردا دەبیسترێت و لاوانیش لە ترسی گیران پەنایان بردۆتە كێوەكانی دەورووبەری مەلەكشایی.

ئەم ناڕەزایەتییانە دوای پووچەڵ كردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی كەسی دووەمی شاری ئیلام و دەورووبەری لەلایەن شۆرای نیگابانەوە، هاتۆتە ئاراوە.

\"4771.jpg\"
عەلی ئەکبەر مەتین نوێنەری رەت کراوەی شارەکانی: ئیلام، ئەیوان، شیروان و چارداوڵ، مێهران و مەلەكشایی

عەلی ئەكبەر مەتین وەك نوێنەری شارەكانی ئیلام، ئەیوان، شیروان و چارداوڵ، مێهران و مەلەكشایی پێشی پێگیراوە و نەیانهێشتووە بڕواتە مەجلیس و ماوەی یەك حەفتەیە بەم بۆنەوە لەو شارانە و بەتایبەت مەلەكشایی ناڕەزایەتی دەستی پێكردووە.