مەیدانێکی بەرفراوانی گاز لە رۆژهەڵاتی ئوستانی ئیلام دۆزرایەوە

22:05 - 17 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: مەیدانێکی گازی بەرفراوان کە بە ٢٦٠ میلیارد فووتی سێ جا خەمڵیندراوە، لە رۆژهەڵاتی ئوستانی کوردنشینی ئیلام، دۆزرایەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری \"ئەحمەد قەلعەبانی\"ـەوە بڵاوی کردەوە، بەپێی لێکدانەوەکان ئەو مەیدانی گازییە ٢٩٠ میلیارد فووتی سێ‌جا گازی لە خۆ گرتووە، کە دەکرێ ١٧٥ میلیارد فووتی سێ‌جا گازی لێ درەبهێنرێت.

جێگری وزیری نەوت راشیگەیاندووە، ئەمە یەکەمین جار کە مەیدانێکی گازی شیرین بە بەرزی ١٠ میتر لە ئاستی ئاوی دەریا بدۆزرێتەوە.

ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو مەیدانە گازییە بە پانتایی ٢٨ لە ٤ کۆلیۆمیتری چوارگۆشە، لە رۆژهەڵاتی ئوستانی ئیلام هەڵکەوتووە.

ئوستانی کوردنشینی ئیلام بەپێی دوایین سەرژمێریی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئێران، بەگشتی ٦٠٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و سەرەڕای بوونی رێژەیەکی بەرچاو سامانی سروشتی و ژیر زەمینیی نەوت و گاز، یەکێک لە هەژارترین ئوستانەکانی وڵاتی ئێران ئەژمار دەکرێت.

پێشتریش ئەحمەد شەوهانی\" نوێنەری خەڵکی ئوستانی ئیلام لە مەجلیسی ئێران رایگەیاندبوو: ئەم ئوستانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بیێکاری هەیە و بە واتایەکی دیکە لە هەر پێنج کەس، کەسێکیان بێکارە.

هەنووکە ٩٠% لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان لە شارۆچکە پیشەسازییەکانی ئوستانی ئیلام ناچالاکن و تەنیا ١٠% یان بە کەمترین تواناییەوە کار دەکەن.