مەهدی سەیفی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

18:23 - 14 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی خەرمانان، مەهدی سەیفی، ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، پاش بانگهێشتکردنی بۆ بەڕێوەبەریی یاسای دادگای ئینقلابی سنە، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.

دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" و "ڕێکخستنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتبار و بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ پێی ڕاگەیەندرابوو.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕین  بەو حوکمە، حوکمی مەهدی سەیفی لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بۆ ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی گۆڕدرا.

دوایین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ئەندامەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چووبوو.

ئەو ئەندامەی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.