مەهدی خوسرەوی: لە ١٥ ساڵەییەوە کۆڵبەری دەکەم

16:48 - 11 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی یانەی میللیی بۆکسی لاوانی ئێران بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە لە سنوورەکانی کوردستاندا سەرقاڵی کۆڵبەرییە.

"مەهدی خوسرەوی"، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی "کانی دینار"ی مەریوان، ئەندامی یانەی میللیی بۆکسی لاوانی ئیران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاندووە کە لە تەمەنی ١٦ ساڵەییەوە کاری بۆکسی دەست پێکردووە و ساڵی ٩٧ بۆ یانەی میللیی بۆکسی لاوانی ئێران بانگهێشت کراوە.

ئەو وەرزشوانە کوردە لە بنەماڵەیەکی ١١ کەسیدا دەژیت.

ناوبراو وتوویەتی، بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و دابینکردنی تێچووی تەمرینەکانی کۆڵبەری دەکات.

مەهدی خوسروەی لە کاتێکدا کە کەش‌ و هەوا باش بێت، لە حەوتوودا دوو جار دەچێتە گەردنەی "تەتە"ی هەورامان و کۆڵبەری دەکات.

سەرۆکی هەیئەتی بۆکسی پارێزگای سنە وتبووی، مەهدی خوسرەوی کۆڵبەری ناکات، بەڵام مەهدی خوسرەوی ڕاگەیاند: لە ١٥ ساڵەییەوە کۆڵبەری دەکەم.

ئەو وەرزشوانە کوردە جەختی کردووەتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی لە کاتی کۆڵبەریدا، ناوەندەکانی پێوەندیدار هیچ دژکردەوەیەکیان نەبووە.

مەهدی خوسرەوی خوێندکاری قوناغی کارناسیی ڕشتەی "علوومی تەربییەتیـ"ـی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانە.

ناوبراو هەتا ئێستا چەندین سەرکەوتنی لە وەرزشی بۆکسدا تۆمار کردووە.