مەهاباد/هاووڵاتییەکی کورد پاش ٧٥ رۆژ دەستبەسەری چارەنووسی ناڕوونە

16:51 - 14 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد پاش زیاتر لە ٧٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران، هەتا ئیستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی روون نەبۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رەحیم رەشی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە رێکەوتی ١ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستاش لە زیندانی شاری ماهاباد راگیراوە و دادگایی نەکراوە.

\"19796.jpg\"
چارەنووسی رەحیم رەشی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد ناڕوونە
ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە پێشتریش چەندین جار دەستبەسەر کراوە و هەر جارێکیش بۆ ماوەی ٦ رۆژ، ١٥ رۆژ و ٢٢ رۆژە مانی لە خواردن گرتبوو، بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە.

ئەو هاووڵاتییە، ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ساڵی ١٣٨٩‌ی هەتاویش لە گوندی ئاڵبڵاغی سەربە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوو و ئەو کات بۆ ماوەی ٣٦ رۆژ مانی لەخواردن گرتبوو.

رەحیم رەشی تەمەنی ٦٣ ساڵە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی گورچیلە لەو ماوەیەدا دوو جار رەوانەی بێهداریی نێو زیندان کراوە و ئەمە ترس و نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.