مەهاباد/مزگەوتێک لە رۆژی هەینیدا کە ژنانی تێدابوو، هەوڵی تەقاندنەوەی درا

14:22 - 5 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: چەند کەسێکی خەڵکی شاری مەهاباد، لە ماوەی رابردوودا و هەوڵی تەقاندنەوەی مزگەوتی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەهابادیان دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢ کەسی خەڵکی شاری مەهاباد کە بە مەبەستی تەقاندنەوەی مزگەوتی گوندی \"قۆزڵووی بچووک\"ی سەربە شاری مەهاباد، روویان لەو گوندە کردبوو، لە دراوی ئەو گوندەدا دەستبەسەر کران.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی قۆزڵووی بچووک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو ١٢ کەسە، کە کەسانی توندڕەوی ئیسلامی بوون، بە هۆی ئەویکە ژنانی ئەم گوندە لە مزگەوتدا نوێژی هەینی دەکەن، لە هەوڵی تەقاندنەوەی مزگەوتەکەدا بوون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو کەسانە پێشتر چەندین جار هۆشدارییان بە خەڵکی گوندی قۆزڵووی بچووک دابوو، کە نابێ ژنان بۆ نوێژ کردن بێنە مزگەوت.

موحسین دەریانووش، مەنسوور نادری، شەهاب زەڕین، مەجید خاکدان، رەزا سوڵتانی ئازەر، کامیل نەجاتی، رەزا موکری، نادر رەسووڵی، مەنسوور حوسێن‌زادە، سەدیق کاکەمەمی، جەلیل بەدەوی و ئەحمەد دهناد، ئەو کەسانە بوون کە هەوڵی تەقاندنەوەی مزگەوتی قۆزڵووی بچووکیان داوە.

ئەو ١٢ کەسە رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، لە دەروای گوندی قۆزڵووی بچووکی سەربە شاری مەهاباد، دەستبەسەر کراون، بەڵام هەتا ئێستا میدیا حکوومەتییەکان هیچ هەواڵێکیان لەو بارەیەوە بڵاو نەکردۆتەوە.

دەگوترێ، ئەو ١٢ کەسە لەلایەن هێزەکانی سەربە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و بەشێکیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ گوازراونەتەوە.

ئارام. ح