مەهاباد/ وازهێنانی راوچیەکان لەراو و ئاشت بوونەوەییان لەگەڵ سروشتی کوردستان

15:41 - 18 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا:٣٠ کەس لە راوچیەکانی شاری مەهاباد بە مەبەستی ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ سروشتی کوردستان، ٤٠ کەویان گەڕاندووەتەو بۆ باوەشی سروشتی شاری مەهاباد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ١٧ پووشپەر، ٣٠ کەس لە راوچییەکانی مەهاباد لە کارێکی بێ‌وێنەدا ٤٠ دانە لەو کەوانەی کە راویان کردبوون ئازاد کرد.

لەو رێورەسمەدا بەرپەسانی ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری مەهاباد و ٣ کەس وەک نوێنەری راوچیەکانی شاری مەهاباد بۆ ئازاد کردنی کەوەکان بەشدار بوون.

\"26897.jpg\"
ئاشتبوونەوەی راوچیەکان لەگەڵ سروشت و ئازاد کردنی ٤٠ کەو
لە ساڵی رابردووشدا، ٥٠ کەس لە راوچییەکانی شاری مەهاباد لە کارێکی بێ‌وێنەدا بە ئازاد کردنی کەوەکانیان و سوتاندنی قەفەسەکان ماڵاوایان لە راوکردن کردبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٣ و لە درێژەی چالاکیەکانی ژینگەپارێزی لە لایەن هاوڵاتییانی کوردەوە، بە شێوەیکی روون و بەرچاو ٦٤٤ کەو، ٩٠ سمۆرە و ٢ هەڵۆ، گەڕێندراونەتە باوەشی سروشت.

لەلایەکی دیکەوە ٢٢٦ راوچیش وازیان لە راو هێناوە و چەک و قەفەسەکانیان شکاندووە و لەگەڵ سروشت ئاشتبوونەتەوە.