مەهاباد/ هەڵەی پزیشکی مەرگی منداڵێکی ٤ ساڵانی لێ‏کەوتەوە

20:55 - 29 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پزیشکانی نەخۆشخانەی \"خاتم النبیا\"ی شاری مەهاباد بە لێدانی دەرزیی هەڵە لە کچێکی تەمەن ٤ ساڵی مەهابادی بەناوی \"بارین ئاتەش سیرۆ\"، بوونە هۆی مەرگی ناوبراو.

\"29190.jpg\"
بارین ئاتەش سیرۆ
ئەو کچە شەوی پێنج‌شەممەی ڕابردوو دوای کەمتەرخەمیی کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی مەهاباد، چووە کۆماوە و هەربۆیەش بنەماڵەکەی گوازتیانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ، لە زاری کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئاتەش سیرۆ ڕایگەیاند: \"نەبوونی پسپۆریی و شارەزایی کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی \"خاتم النبیا\"ی شاری مەهاباد بە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو کچە تەمەن ٤ ساڵە زانیوە\".

کەمتەرخەمی لە چارەسەری ئەو منداڵە مەهابادییە، لە کاتێکدایە کە هێشتا هۆکاری گیان لەدەست دانی منداڵێکی دیکەی کورد لە شاری بیجاڕی پارێزگای کوردستان ناڕوون ماوەتەوە.

ماوەیەک پیش ئێستا لە گوندی \"چاڵاو\" ی شاری بیجاڕ، قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی مێهدی بە هۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە گیانی لەدەست دابوو.

\"29192.jpg\"
مێهدی
تەرمی ئەو منداڵە هێشتا لە پزیشکی یاسایی ئەو شارە ڕاگیراوە و سەرەڕای سەلماندنی هەڵەی پزیشکی، بنەماڵەی مێهدی خوازیاری پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی ناوبراو لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بوون.

بەپێی یاسا، ئەگەر کەمتەرخەمیی دوکتور زیانی گیانی بە نەخۆش بگەیەنێت، دەبێ دیەکەی بدات.

بێبەشیی کوردستان لە ژێرخانی بێهداشتی و دەرمانی بووەتە هۆی ئەوەی کە پزیشکان و پەرەستاران هیچ ئۆگرییەکیان نەبێت بۆ ئەوەی کە لە کوردستان نیشتەجێ بن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی چوونە سەرەوەی ڕێژەی ئەو قوربانییانەی کە بە هۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە، لە کوردستان گیانیان لەدەست دەدەن.