مەهاباد/ مەرگی هاووڵاتییەكی تەمەن ٥٠ ساڵ لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە

14:11 - 10 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كورد لەشاری مەهاباد و لەناو ماڵەكەی خۆیدا بە هۆكارێكی ناڕوون خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئیبراهیم خزرپوور تەمەن ٥٠ ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی \"بەری مەدرەسە\"‌ی شاری مەهاباد كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئیبراهیم خزرپوور كە باوكی سێ‌منداڵە بەیانیی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٩‌ی خەرمانان لەناو ماڵەكەیدا خۆی هەڵواسیوە.

\"21848.jpg\"
رێژەی خۆكوژی لەئێران و هەروەها كوردستان رۆژ لەگەڵ رۆژ روو بە زیاد بوونە، نەگونجان و ناكۆكیی نەریت و مۆدێڕنیتە، لاواز بوونی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بچڕان و دروست بوونی بۆشایی لەشوناسدا، بێكاری، نادادپەروەری ئابووری و كێشەی بنەماڵەیی ئەو هۆكارانەن كە لەلایەن شارەزایانەوە دەستنیشان كراون و لەو باوەڕەدان ئەو چەند خاڵە پەرەپێدەری خۆكوژی لە ئێرانن.

دەروونناسان و كارناسانی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان، لە توێژینەوەكانیاندا دەریان خستووە، لاوازی لە\"شوناسی كۆمەڵایەتی\" و \"ژیانی كۆمەڵایەتی\" كاریگەرییان لەسەر دیاردەی خۆكوژی هەبووە و خۆكوژییان لە بابەتێكی تاكەكەسێیەوە کردووە بە بابەتێكی كۆمەڵایەتی.

ئەو شارەزایانە باوەڕیان وایە، بۆ چارەسەركردنی كێشە و بابەتێكی كۆمەڵایەتی پێویستە توێژینەوەی بەردەوام و پسپۆڕانە ئەنجام بدرێت، توێژینەوەیەك كە لەحكوومەتی ئیلامیی ئێران رێگریی لێدەكرێت.

پێشتریش دوو هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵ و ٥١ ساڵەی كورد لەشاری سەقز و پیرانشار كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنابوو.

لەچەند رۆژی رابردووشدا ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵكی ئاوایی \"بوخلوو\"‌ی شارستانی سەقز لەرێگەی خۆكوژییەوە كۆتایی بەژیانی هاتبوو.

شوناسی ئەو ژنە خێزاندارە فەریدە حوسێن پوور راگەیەندرابوو كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە هۆی كێشەی بنەماڵەییەوە خۆی هەڵواسیبوو.

فەریدە حوسێنی خاوەنی دوو منداڵ بوو و لە نەخۆشخانەی سەقز گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی داتاكانی پزیشكی دادوەریی حكوومەتی ئێران، رێژەی خۆكوژی لەئێران لەساڵی ١٣٩٢‌دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١، لەسەدا ١٧‌چوونە سەری بەخۆیەوە بینیبوو.

وڵاتی ئێران لەدوای وڵاتی چین و هێندوستان پلەی سێیەمی لەجیهاندا بۆ خۆكوژی هەیە.