مەهاباد؛ ئەرەستوو مەلاڕەحیمی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

15:43 - 30 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، "ئەرەستوو (ڕەسووڵ) مەلاڕەحیمی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، حوکمی زیندانیی ئەو چالاکە مەدەنییە لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کەم کرایەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسێندرا و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە تێپەڕاندنی ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد ئەو چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کردبوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی دژی ئەرەستوو مەلارەحیمی، ٢٧ی ڕەشەمەی ٩٩ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەسەر ناوبراو سەپێندرابوو و ئەو حوکمە ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی کفاڵەت لە زیندان ئازاد کرا.

 ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەرەستوو مەلاڕەحیمییان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک لەبارەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دەسبەسەریان کردبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ناوەندی یاریدەدەرانی مەهاباد و کەمپەینە خەڵکییەکان لەو شارەدا، لە یارمەتیدان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و هەروەها بوومەلەرزەلێدراوانی کۆتۆل و کرماشان ڕۆڵی کارا و چالاکی گێڕاوە.