مەهاباد؛ چوارهاووڵاتیی کورد بە دوورخرانەوە بۆ شاری ئیرانشەهر مەحکووم کران

11:03 - 26 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مەنسوور شارەبان"، "ئەژدەر (هەژار) عەباسی"، "هیوا قوربانی‌ئەقدەم" و "محەممەد ئەلیاسی" خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە دوورخرانەوە بۆ شاری ئیرانشەهری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، مەحکووم کران.

لە دادنامەی دادگای ئەو چوار هاووڵاتییەدا هاتووە: "دادگا بە پشتبەستن بە مادەی ٢٧٩ و بەندی ت مادەی ٢٨٢ لە یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ٦١٠ لە کتێبی تەعزیرات پەسەندکراوی ساڵی ١٣٧٥، لە ڕوانگەی ئاشکرابوونی تاوانی تۆمەتباران وەکوو موحاربە و بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ٢٨٣ و ٢٨٤ لە یاسای سزای ئیسلامی، مەنسوور شارەبان و هەژار عەباسی بۆ ماوەی ٥ ساڵ و هیوا قوربانی ئەقدەم و محەممەد ئەلیاسی، بۆ ماوەی سێ ساڵ بە دوورخرانەوە بۆ شاری ئیرانشەهر، مەحکووم دەکرێن".

دادگا هوشداری دەدات کە یەکەی جێبەجێکردنی تاوانەکان لە جێبەجێکردنی حوکمی داسەپاو بە تەواوەتی ناوەڕکی مادەی ٢٨٥ بە لەبەرچاوگرتنی کەمکردنەوەی حوکمەکان و مافی ئیرفاقی وەکوو مەرەخەسی، ڕەیی باز، ئازادیی بێمەرج و هەڵسپاردنی تاوانباران، خۆی دەبوێرێت.

بڕیاری داسەپاو دژی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بە ئامادەیی خۆیان بووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا، دەتوانن داوای پێداچوونەوە لە دیوانی باڵای وڵات بکەن.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە زیندانی مەهاباد بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە ٩٨، "محەممەد ئەلیاسی" و "هیوا قوربانی ئەقدەم" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

"مەنسوور شارەبان" و "هەژار عەباسیـ"ـش، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوون.

وێنە: محەممەد ئەلیاسی، مەنسوور شارەبان و هیوا قوربانی‌ئەقدەم