مەهاباد؛ چارەنووسی شەش هاووڵاتی پاش دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە

11:31 - 24 گەلاوێژ 2721

شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هێمن قەرەداغی"، "ڕزگار عەینالوو"، "ئەحەد سۆنە"، "کاوە سلێمان‌پوور"، "سۆران دوورباش" و "ئاکۆ دوورباش"، خەڵکی مەهاباد هەروا لە گرتنگەدان و لە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو شەش هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانیان ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراوان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان خۆ دەبوێرن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "ئەو شەش هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون".

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، هێمن قەرەداغی، کوڕی حوسێن، ڕزگار عەینالوو، کوڕی ئەمیر و ئەحەد سۆنە، کوڕی ڕەحیم، خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە بەخشی ناوەندیی مەهاباد، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کران.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، کاوە سلێمان‌پوور، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە دووکانەکەیدا لە مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، سۆران دوورباش و ئاکۆ دوورباش، خەڵکی گوندی "خانەگێ"، سەر بە مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ئەو شەش هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.