مەهاباد؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا

17:33 - 6 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ هەینی ٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "مەسعوود ئەحمەدزادە" کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بە سەختی بریندار کرابوو، گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، بەتەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بە سەختی بریندار ببوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە گوللـەی جەنگی تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازیی کردبوو کە بەهۆی کێشە و پچڕانی ئینتێرنێت، ئامارێکی ورد لە ژمارەی برینداران لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، چوار هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "فریشتە ئەحمەدی"، "کوبرا شێخە"، "زانیار ئەبووبەکری" کوڕی سوڵتان و "شاهۆ خزری"، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لەدەست دابوو.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، ئیسماعیل مەولوودی تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەبدولقادر خەڵکی شاری مەهاباد، کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، گیانی لەدەست دابوو.