مەهاباد؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست دا

11:20 - 5 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "ئیسماعیل مەولوودی" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی ''عەبدوڵقادر''، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە شاری مەهاباد، بەهۆی تەقەی ‌هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا، لە گەڕەکی "بەری شیلان"ی شاری مەهاباد، بە گولـلەی هێزە ئەمنییەتییەکان، گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لە بنپاڵی (پهلو)، گیانی لە دەستداوە و گولـلەکە لەلای چەپیەوە چووەتە دەرەوە.

ڕێوڕەسمی ناشتنی جەنازەی ئیسماعیل مەلوودی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر بە بەشداریی خەڵک بە دروشمی "شەهید نامرێ" بەڕێوە چوو.

هەروەها چەند هاووڵاتیی ناڕەزای بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی بریندار و بارودۆخی گشتیی هێندێک لەو برینداربووانە، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئێوارەی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هاوکات لەگەڵ چلەی ژینا ئەمینی، هاووڵاتییانی ناڕازی لە گەڕەکەکانی مەهاباد ڕژانە سەر شەقامەکانی دروشمی ناڕەزایەتییاندا.

سەرچاوەی کوردپا لە شاری مەهاباد ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای دڕۆنەوە فیلمبەرداریان لە خەڵک کردووە.