مەهاباد؛ هاووڵاتییەک بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرا

11:18 - 9 بەفرانبار 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن ئەلوەندکوهی" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی عەزیز و دانیشتووی شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵام کەریم‌خانی" بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکهەڵچوونی چەکدارانە و شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران" تاوانبار و ئەو حوکمەشی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانبار، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیاندووە.

ئەو حوکمە لە ماوەی ٢٠ رۆژدا، شیاوی پێراگەیشتنی دووبارەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەیە.

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی شاری مەهاباد، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار، ئەو حوکمەی بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا، سەپاندووە.

حوسێن ئەلوەند‌کوهی، مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، لقی ٣ی دادگای کەیفەریی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵام کەریم‌خانی"، شێرکۆ ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری پیرانشاری بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرد.

دادگا ئەو حوکمەی بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکهەڵچوونی چەکدارانه و شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران"ی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیوەتەوە و ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانبار، ئەو حوکمەی پێڕاگەیەندراوە.