مەهاباد؛ مۆحسێن ئەحمەدزادە دیسانەوە دەسبەسەر کرا

16:11 - 3 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مۆحسێن ئەحمەدزادە"، کوڕی ڕۆستەم و خەڵکی گوندی "کۆسە کەرێز" سەر بە مەهاباد، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە دیسانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕایگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە بە بڕیاری حوکمی دەسبەسەریی کاتی بۆ ماوەی یەک مانگ، لەلایەن دادوەری دادگای ئینقلابی مەهاباد دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە".

ناوبراو سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

مۆحسێن ئەحمەدزادە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کراوە.

ناوبراو ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

مۆحسێن ئەحمەدزادە، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.