مەهاباد؛ مۆحسێن سلێمانی و دیار سلێمانپوور بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:29 - 28 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مۆحسێن سلێمانی"، کوڕی قادر و "دیار سلێمانپوور"، کوڕی خزر و خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە مەهاباد، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

مۆحسێن و دیار، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوون.

ڕۆژی شەممە ۱۷ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراوان زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

وێنە: مۆحسێن سلێمانی و دیار سلێمانپوور