مەهاباد؛ ماوەی دەسبەسەریی سامان غەزاڵی زیندانیی سیاسیی پێشوو، درێژ کرایەوە

17:17 - 26 رەزبەر 2722

بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی "سامان غەزاڵی"، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە، درێژ کرایەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ١١ ڕۆژ پێشەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونی چارەنووسی و دەسبەسەریی نایاسایی، مانی لە خواردن گرتووە.

سامان غەزاڵی، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر، لە زیندانی مەهاباد بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی مەهاباد، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٤ ساڵەیە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بەتوندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، سامان غەزاڵی پاش ٩ مانگ زیندان وەبەر لێخۆشبوونی دادوەری کەوت و لە زیندانی مەهاباد، ئازاد کرا.