مەهاباد قەرەداغی: کولتووری دواکەوتووی خێڵپەروەر مرۆڤ بەرەو زەبروزەنگ دەبات

14:35 - 3 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر (٥ی سەرماوەز) رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی بەدژی ژنان، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان بە جیا دیمانەی ئەنجام داوە.

دیمانەی تایبەتیی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ مەهاباد قەرەداغی نووسەر ، لێکۆڵەر، سەرنووسەری گۆڤاری \"شیکار\" و بەڕێووەبەرێ پەیمانگای یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێوەندی لەگەڵ ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی بەدژی ژنان.

کوردپا: جۆرەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەست نیشان بكەن و زیاتر لەناو چ كۆمەڵگا و بنەماڵەیەكدا روو دەدات و هۆكارەكانی كامانەن؟
مەهاباد قەرەداغی: مەخابن توندوتیژی دیاردەیەکی جیهانییە و ئامرازێکی گورزوەشاندنی مرۆڤە لە مرۆڤ، لە پێناوی دەستبەسەرداگرتن و چەوسانەندنەوە و بە کۆیلەکردنی یەکتری. لە هەموو کۆمەڵگەکاندا توندوتیژی هەیە، بەڵام شێواز و ئامرازەکانی جیاوازە بەهۆی جیاوازیی کولتووری نێوان کۆمەڵگەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جۆری ستانداردی توندوتیژی کەلە هەموو کۆمەڵگەکاندا وەکوو یەکە و پێناسە کراوە، توندوتیژی دەروونی، سێکسی، فیزیکییە.

\"9853.jpg\"
\"مەهاباد قەرەداغی\" نووسەر ، لێکۆڵەر، سەرنووسەری گۆڤاری \"شیکار\" و بەڕێووەبەرێ پەیمانگای یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان
کوردپا: ئەو بەستێن و زەمینانە كامانەن كە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژی لەناو كۆمەڵ و بنەماڵەدا؟
مەهاباد قەرەداغی: پەروەردە رۆڵی زۆر کاریگەر و سەرەکی دەبێنێ لە ئاراستەکردنی رەفتار و رەوشتی مرۆڤەکان. لە کولتووری دواکەوتووی خێڵپەروەردا پەروەردە مرۆڤ بەرەو زەبروزەنگ ئاراستە دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە شەڕ و ئاژاوەی سیاسی هەبووە، بێگومان کولتووری توندوتیژیش برەوپێدراوە و لە ئەقڵی ناوەکی مرۆڤەکاندا تۆمارە.

کوردپا: توندوتیژیی وتەیی چیە و بەرەنجامەكانی كامانەن؟
مەهاباد قەرەداغی: تووندوتیژی وتەی بریتییە لە هەر شتێک بە زمان دەردەبڕێت و سووکایەتی تێدایە وەک جنێو و بوختان و درۆ و کەمکردنەوە و هتد، بەرەنجامەکەشی زیانی دەروونییە بە کەسەکان و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژیشە. بۆ نموونە ئەوەی جنێوی پێ بدرێت یان زەلیلانە قبووڵی دەکات، یان هەمان جنێو دەداتەوە بە بەرامبەر، لە دۆخی یەکەمیاندا چەوسانەوە بەرهەم دەهێنێ و لە دۆخی دووەمیاندا توندوتیژی وتەیی بەرهەم دەهێنێتەوە. لە هەموو دۆخەکانیشدا مرۆڤ تووشی خەمۆکی و خەفەت و رق لێبوونەوە دەکات.

کوردپا: بۆ كەمكردنەوەی رێژەی تاوان و توندوتیژی بەدژی ژنان دەبێ‌چ بكرێت و بەڕای جەنابت دەبێ‌چ رێكارگەلێك بگیرێنە بەر؟
مەهاباد قەرەداغی: پێویستە لە پەروەردەکردنی خێزانەوە دەست پێبکات، واتە سەرەتا دەبێت دایک و باوکان فێر بکرێن کە چۆن منداڵ پەروەردە دەکەن بە ئارامی و ئازادی. ئینجا پەروەردەی دایەنگە و باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان و تا دەگاتە زانکۆ، پێویستە نوێ بکرێتەوە.

کوردپا: یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان و ریکخراوەکانی دیکەی چالاکی ئەم بوارە بۆ بنبڕ کردنی توندوتیژیی دژ بە ژنان چییان کردووە و لەباری یاساییەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی چی کراوە؟
مەهاباد قەرەداغی: یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان و رێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی بە چالاکی و ئامرازی جۆراوجۆر هەوڵی دروستکردنی کولتووری ناتوندوتیژی دەدەن. هاوئاهەنگیی رێکخراوەکان و دامودەزگاکانی حکوومەت پێکەوە دەتوانێ ئەنجامێکی دڵخوازانە بەدەستەوە بدات.
ئێمە وەک پەیمانگای یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان، جگە لەوەی گۆڤارێکی ئەکادیمی، هزرییمان هەیە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین چالاکیی هۆشیارکردنەوە و راگەیاندنکارانەمان هەیە بۆ ئەو مەبەستە. هیوامان ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی ئاراممان هەبێت و پێم وایە ئەوەش ئامانجێکی زۆر پیرۆزە کە هەموومان لە دەوری کۆ ببینەوە و بۆی تێبکۆشین.

_ مەهاباد قەرەداغی لەدایک بووی شاری \"کفری\"یە لە هەرێمی کوردستان.
_ له‌په‌یمانگای که‌رکووک و زانکۆی ئابووریی ستۆکهۆڵم هاوکات رشته‌کانی کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی په‌روه‌رده‌ی خوێندووه‌.
_ شاعیر، نووسه‌ر، لێکۆڵه‌ر و چالاکی بواری مافەکانی ژنانە.
_ هەتا ئێستا ٢٧ کتێبی چاپکراوی له‌بواره‌کانی شیعر، کورته‌چیرۆک، رۆمان،
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسی و بیره‌وه‌ریی چاپ و بلاو کردۆتەو.
_ ئێستا سەرنووسەری گۆڤاری شیکار و بەڕێووەبەری پەیمانگای یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان.