مەهاباد؛ شەماڵ خەدیری بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا

15:23 - 3 سەرماوەز 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ۳ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەماڵ خەدیری" تەمەن ۳۲ ساڵ کوڕی حەسەن و خەڵکی مەهاباد کە بەتەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بە توندی بریندار کرابوو، له نەخۆشخانەی "خومەینی"ٚ ـی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ۲۷ی خەزەڵوەر، لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێوەسمی بەخاکسپاردنی ئازاد حوسێن‌پوور، یەکێک لە گیانلەدەستداوانی خۆپێشاندانەکانی مەهاباد، لە گۆڕەپانی "ئیستقلال" بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەر سینگی بە سەختی بریندار کرابوو.

سەرەڕای هەوڵی پزیشکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری، شەماڵ خەدیری بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

هەتا ئێستا جەنازەی ئەو هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.