مەهاباد؛ سامان غەزاڵی، زیندانی سیاسیی پێشوو بە ٨ مانگ زیندان و ساڵێک بێبەریکران لە کاری ڕۆژنامەوانی مەحکووم کرا

11:34 - 30 سەرماوەز 2722

سامان غەزاڵی، زیندانی سیاسیی پێشوو لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان و ساڵێک بێبەریکران لە کاری ڕۆژنامەوانی، مەحکووم کرا.

ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز، ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرابوو.

سامان غەزاڵی، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر، لە زیندانی مەهابادەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی مەهاباد، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٤ ساڵەیە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بەتوندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، سامان غەزاڵی پاش ٩ مانگ زیندان وەبەر لێخۆشبوونی دادوەری کەوت و لە زیندانی مەهاباد، ئازاد کرا.