مەهاباد؛ زاهیر ڕووزخوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:19 - 23 رەزبەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زاهیر ڕووزخوون"، خەڵکی گوندی "کۆسەکەرێز" سەر بە مەهاباد، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارەدا، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" بێبەری کراوە.

زاهیر ڕووزخوون، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.