مەهاباد؛ دوو هاووڵاتی بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران

15:55 - 27 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فاروق سلێمانپوور" کوڕی سلێمان و "مەسعوود سلێمانپوور" کوڕی سەلیم، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە مەهاباد، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراون.

فاروق و مەسعوود سلێمانپوور، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراوانیان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: مەسعوود و فاروق سلێمانپوور