مەهاباد؛ دوو هاووڵاتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان پێکران

11:05 - 25 رەزبەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "مەسعوود فەرەج‌زادە" و "فایەق مام‌قادری" خەڵکی شاری مەهاباد، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەو شارە، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، بە سەختی بریندار کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماشیندا بوون و هێزە ئەمنییەتییەکان لە شەقامی "ئیستقلال"، سەرەتای شەقامی حەسەن‌زادە، ئاگاداری ڕاوەستانیان پێ دەڵێن و پێش ڕاگرتنی ماشینەکە، هێزە ئەمنییەتییەکان تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "مەسعوود فەرج‌‌زادە" بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە  سکی بریندار و "فایەق مام‌قادری"، سەر و پشتی لەو ڕووداوە، بریندار کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش تەقە کردن لەو دوو هاووڵاتییە و بریندارکردنی ئەوان، دەستیان بە لێدانی ئەو دوو هاووڵاتییە بە باتووم کردبوو.

 سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد و دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانییانەوە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ، ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، دۆخی تەندروستیی ئەو دوو هاووڵاتییە نالەبار ڕاگەیەندراوە و "فایەق مام‌قادری" لە بێهۆشی درێژخایەندایە.