مەهاباد؛ دانا مام قادری بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار کرا

11:18 - 26 رەزبەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک بە ناوی "دانا مام قادری" خەڵکی شاری مەهاباد، لە ڕەوتی سەرکوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، پێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ براکەی "فایەق مام قادری" و "مەسعوود فەرەج‌زادە"، لە ماشیندا دەبێ کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە شەقامی "ئیستقلال"، سەرەتای شەقامەی حەسەن‌زادە، ئاگاداریی ڕاوەستانیان پێ دەدەن، بەڵام پێش ڕاگرتنی ماشینەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "دانا مام‌ قادری" بەهۆی بەرکەوتنی دوو گوللـە، دەست و لاقی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ، کراوە.

ئاژانسی کوردپا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، ڕاپۆرتێکی لەمەڕ بریندارکردنی "فایەق مام قادری" و "مەسعوود فەرەج‌زادە"، بڵاو کردەوە.