مەهاباد؛ بارودۆخی تەندروستیی پەیمان گوڵابی نالەبارە و پاش بریندارکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەتوندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە

16:27 - 27 رەزبەر 2722

پەیمان گوڵابی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار و پاش ئازار و ئەشکەنجەی توند، دەسبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی بە بارودۆخی تەندروستیی پەیمان گوڵابی بە کوردپای ڕاگەیاند: ناوبراو لە بارودۆخێکی نالەبار لە دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا لە شاری مەهاباددایە.

هەروەها ئاسۆ گوڵابی برای پەیمان گوڵابی دانیشتووی شاری نوروێژ لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ یەکەم جار "بی بی سی فارسی" بڵاوی کردبووەوە، ڕایگەیاندووە کە لە یەکێک لە کۆڵانەکانی نزیک ماڵەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە چەکی ڕاو لە پشتەوە تەقەیان لە براکەی کردووە.

بەوتەی شایەتحاڵەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش بریندارکردنی ئەو هاووڵاتییە، بەتوندی ئازار و ئەشکەنجەیان داوە.

ئاسۆ گوڵابی دەڵێت: هیچ کەس لە چارەنووسی براکەی ئاگادار نەبووە، هەتا دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، یەکێک لە مەئموورەکان پەیوەندی بە بنەماڵەکەیانەوە دەکات و ڕایدەگەیەنێ کە سەردانی نەخۆشخانەی مەهاباد بکەن و پاش پاکانە حیساب، تەرمی کوڕەکەیان وەرگرنەوە.

برای پەیمان گوڵابی ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەکەی پاکانە حیسابیان کردووە، بەڵام هیچ شتێکیان ڕادەستی ئەوان نەکردووەتەوە؛ بەوانیان وتووە سەردانی ئیتلاعات بکەن. دواتر بنەماڵەکەی ئاگادار دەبنەوە که پەیمان ڕەوانەی ورمێ کراوە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی میاندواو، ڕاگوێزراوە.

پەیمان گوڵابی ئەوەشی خستووەتەڕوو: کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیانەوە گیراوە و کە بۆ پاکانە حیساب سەردانی نەخۆشخانەی میاوندواو بکەن؛ پاش سەردانی بنەماڵەکەی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، پێیان ڕاگەیاندوون کە پەیمان زیندووە و لە ئیتلاعاتی مەهاباد، وەریبگرنەوە.

ئاسۆ گوڵابی لە زاری شایەتحاڵەکانەوە ڕایگەیاندووە کە هەر دوو لاق و دەستی راستی، چناکەی، ددانی، هەروها سەر و لووتی پەیمان شکاوە و شوێنی ١٥ ساچمە بە جەستەیەوە دیار بووە.