مەنسوور ئەیازی یەكێك لە لەمێژینەترین رۆژنامەوانانی كورد كۆچی دوایی كرد

22:56 - 25 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: مەنسوور ئەیازی رۆژنامەوانی لەمێژنەی كورد ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە شاری سنە كۆچی دوایی كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مەنسوور ئەیازی كەساتیەتیی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسی لەمێژینەی كورد لە شاری سنە پاش نزیك بە 50 ساڵ خزمەت لە بواری رۆژنامەنووسیی كوردی، ئەمڕۆ بیست و پێنجەمی گەلاوێژ لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

مەنسوور ئەیازی ماوەی پێنج ساڵ بەهۆی نەخۆشی لە جیگادا بووە و نەیتوانیوە چالاكییەكی فەرهەنگی و رۆژنامەوانی بكات.

مەنسوور ئەیازی لە ساڵی ١٣٣٦ەوە هەتا ساڵی ١٣٦٨یەکیك لە رۆژنامەوانانی بە پێشینەی رۆژنامەی ئیتلاعات بووە و دواتر لە رۆژنامەکانی \"هەمشەهری و جامجەم\"دا کاری کردووە.

ئەیازی كەسێكی دەروەست و نیشتمانپەروەر و خەڵكی و یەکێک لە کتێب فرۆشە ناودارەکانی شاری سنە بووە کە کتێبخانەکەی مەكۆی كۆبوونەوەی دۆستان و لایەنگرانی فەرهەنگ، زمان و ئەدەبی كوردی بوو و لەم رێگایەوە خزمەتێكی بەنرخی بە فەرهەنگی كوردستان كردووە.