مەئموورێکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئیلام بەدەستی راوچییەکان بریندار کرا

21:05 - 22 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شارستانی ئەیوانی رۆژئاوا لە ئوستانی ئیلام، لەلایەن راوچیانی ئەو ناوچەیەوە بە زەبری چەقۆ بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەفتەی رابردوو لە ناوچەی \"گیلانە\"ی سەربە بەخشی زڕنەی شارستانی ئەیوانی رۆژئاوا شەر و تێکهەڵچوون لە نێوان راوچی و مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپارێزیدا هاتە ئاراوە.

لەو رووداوەدا یەکێک لە مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپارێزی بەناوی عەلیڕەزا کووهی بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەیوان و هەتا ئیستا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ماڵپەڕی ئیدارەی ژینگەپارێزی ئەیوان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردۆتەوە کە راوچییەکانی ناوچەی گیلانە بە زەبری قەمە و چەقۆ و مەئموورانی ئیدارەکەیان بریندار کردووە.

دەگوترێ لەو رووداوەدا دوو راوچی دەستبەسەر کراون و یەکێکیشیان لەدەست مەئمووران هەڵهاتووە.

ئەو راوچیانە زیاتر لە ١٠ کەویان راو کردبوو.

مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئەیوانی رۆژئاوا باسیان لە نەبوونی هێزی ئینسانیی پێویست بۆ چاوەدێریی ژینگەی ناوچەکە کردووەو رایانگەیاندووە کە ئەم ناوچەیە لەبواری سروشتییەوە ئێجگار دەوڵەمەندە.

رۆژی پێنج‌شەممەی رابردووش، پڵنگێکی نایاب لە ناوچەی \"پلنگ کنا\" لە بەرزاییەکانی \"شڕە زول\"ی ئیلام بەدەستی راوچییەکانی ئەو ناوچەیە کوژرابوو، کە شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتیی هاوولاتیانی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.